بۆچی گرنگە لەسەرەتای کێشەکانمانەوە پارێزەرمان هەبێت؟

2023-08-27 15:15:29


لەسەرەتادا زۆر گرنگە ئەوە بزانین، کاتێک کێشەیەکت هەیە و مافت خوراوە یاخود پێشێل کراوە پێویستە ئەوە بزانین دەبێت یاسا بەمانا فراوانەکەی پارێزگاری لەو مافە کردبێت تاوەکو هەوڵی وەرگرتنەوەی ئەو مافەت بدەیت، وە پێویستیت بە کەسێکە کە لەیاسادا شارەزایی هەبێت چونکە نەشارەزایی و بێئاگابون لە ماوەی یاسایی و ڕێککار و ماددە یاساییەکان نزیکت ئەکاتەوە لە لەدەستدانی مافەکەت هەرچەندە خاوەن مافبیت، کەسێکیش کە یاسا ڕێگەی پێداوە بەرگریت لێبکات و مافەکانت بۆ بەدەست بهێنێتەوە ( پارێزەرە)، با بزانین چۆن چۆنی؟!

لە ماددەی ٢ یاسای پارێزەرایەتی دا هاتووە کە:
پارێزەرایەتی ڕەگەزێکە لە ڕەگەزەکانی وەدیهێنانی دادپەروەری چونکە "دادگایەکی سەرپێ و وەستاوە و دەستەبەری مافی پیرۆزی بەرگری لەخۆکردنە.
ماددەی ٣ بڕگەی یەک لەهەمان یاسا:
دەبێتە وەکیلی هەموو کەسێکی سروشتی و مەعنەوی بۆ ئەوەی بەرگری لەمافەکانیان بکات.

کێ دەتوانێت پارێزەرایەتی بکات؟
بەپێی ماددەی ٤ بڕگەی یەک لەهەمان یاسا:
پێویستە ئەوکەسەی پارێزەرایەتی دەکات بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەیاسادا هەبێت.
بڕگەی دوو: ناوی تۆمارکرابێت لە تۆماری پارێزەراندا.

پارێزەر دەتوانێت چیت بۆ بکات؟
ماددەی ٢٠ بڕگەی یەک لەهەمان یاسادا:
پارێزەر بۆی هەیە بۆ پاراستنی خاوەن وەکالەتەکە هەر ڕێگایەکی یاسایی بگرێتەبەر کەخۆی بەشایانی بزانێ، و هەرشتێکیش لە سکاڵانامەی دەعواکەدا بنوسێت یان لە مورافەعەدا بڵێ و بنوسێ کە ئیلتیزامی مافی دیفاعی تێدابێت بەرپرس نابێت.

ئایا دادگاکان و لایەنەکانی لێکۆڵینەوە ڕێز لەپارێزەر دەگرن؟
ماددەی ٢٠ بڕگەی دوو لەهەمان یاسا:
پێویستە پارێزەران لەلایەن دادگاکان و لایەنگەلی لێپێچینەوە و دایەرەکانی هەرێم و مەرجەعەکانی دیکەوە ڕێزی لێبگیرێت و بایەخی شیاو بە پلەو پایەی پارێزەریی پێ بدرێ، ئەو لایەنانە پێویستە ئاسانکاریی زەرور و ئسوڵی کە بۆ ئەنجامدانی پیشەکەی پێویستە فەراهەم بکەن و ناشێ داواکاریە نوسراوەکانی پشت گوێ بخەن و وە پێویستە لەسەریان لەماوەی یەک هەفتەدا سەیری بکەن و بیبڕنەوە.

پارێزەر پێش ئەوەی وەکالەت وەربگرێ ئەتوانێ دۆسیەکە بخوێنێتەوە؟
ماددەی ٢٠بڕگەی سێیەم لەهەمان یاسا:
پێویستە لەسەر دادگاکان و لایەنەکانی لێ پێچینەوە ڕێگا بدەن بەپارێزەر پێش ئەوەی وەکالەتەکە وەربگرێت فایلی دەعواو ئەوراقی لێپێچینەوە بخوێننەوە و سەیری هەموو شتێک بکات، کەپەیوەندی بەو مەسەلەیەوە هەیە کەدوای کەوتوە، هەروەها پێویستە ڕێگای بدەن لە لێپێچینەوەی سەرەتایی یان لەهەر ئیجرائێکی دیکەدا ئامادەبێت.

🔸 لەدووتوێی ئەم باسەدا گرنگی بونی پارێزەرامان بۆ دەرکەوت بەپێی یاسا، لەهەمان کاتیشدا پێویستە ئەوە بزانین کە زۆر گرنگە لەسەرەتای کێشەکانمانەوە پارێزەرمان هەبێت تاوەکو ڕاوێژی پێ بکەین و مافەکانمان بۆ ڕون بکاتەوە و بەرچاوڕونیمان بداتێ لەسەر ئەو کێشەیەی هەمانە تاوەکو بەهۆی شارەزاییەکەیەوە بزانین دەگەین بە چ دەرئەنجامێک.

ئامادەکردنی: پارێزەر شەماڵ عبدالواحد دوکانی



بڵاوکراوەتەوە لە لایەن :
پڕۆژەی پارێزەر


بڵاوکراوەکان