ئایا هەڕەشەکردن چ سزایەکی بۆ دانراوە لە یاساکانی عێڕاق و هەرێمی کوردستاندا؟

2023-08-23 09:32:57



یاسای سزاکانی عێڕاق ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩:

ماددەی ٤٣٠:
سزادەدرێت بە زیندانیکردن بە ماوەیەک لە ٧ ساڵ زیاتر نەبێ یان بە حەپس کردن هەرکەسێک هەڕەشە لە کەسێکی تر بکات بە ئەنجامدانی تاوان لە دژی گیان و ماڵی یاخود زیان گەیاندن بە گیان و ماڵی کەسێکی تر یاخود بە ئەنجامدانی کاری ناڕەوا لە دژی شەرەف و ئابڕووی و لەکەدارکردنی یاخود ناچاری بکات بەئەنجامدانی کارێک یان وازهێنان لە کارێک یاخود هەرمەبەستێکی لەو جۆرەی هەبێت.

ماددەی ٤٣١:
سزادەدرێت بە بەندکردن هەرکەسێک هەڕەشە لە کەسێکی تر بکات بە ئەنجامدانی تاوانێک لە دژی خۆی یان ماڵ و سامانی یاخود گیان و سامانی کەسێکی تر یان ئەنجامدانی کاری ناڕەوا لەدژی شەڕەف و کەسایەتی بێ جگە لەو حاڵەتانەی کە لەماددەی ٤٣٠ دا باسکراون .

ماددەی ٤٣٢:
هەرکەسێک هەڕەشە لەکەسێکی تر بکات بە گوفتار یاخود بە کردار یان بە ئاماژەکردن یان بە ئاماژەی نوسین یان بە ئاماژەی گوفتار یاخود بەهۆی کەسێکی ترەوە جگە لەو حاڵەتانەی کە لەماددەی ٤٣٠ و ٤٣١ دا باسکراون سزادەدرێت بە بەندکردن کە لە ساڵێک زیاتر نەبێت یاخود بە غرامەیەک لە ١٠٠ دیناری عێڕاقی زیاتر نەبێت .

یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن لە هەرێمی کوردستان ژمارە ٦ ی ساڵی ٢٠٠٦ ، لەماددەی ٢ دا ئەنجامدەری تاوانی هەڕەشەکردن بە شێوەیەکی گشتی لە ڕێگای مۆبایلەوە سزا دەدات بە بەند کردن کە لە ٦ مانگ کەمتر نەبێت و لە ٥ ساڵیش زیاتر نەبێت و بە غرامەیەکیش سزادەدرێت کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆنیش زیاتر نەبێت یاخود بە یەکێک لەم دوو سزایە .

ئامادەکردنی: پارێزەر شەهرام ئاکۆیی



بڵاوکراوەتەوە لە لایەن :
پڕۆژەی پارێزەر


بڵاوکراوەکان