ڕەچەتەی پزیشکان و سەرفکردنی ماددەی هۆشبەر و کاتێکەری ئەقڵی لەلایەن دەرمانسازانەوە

2023-07-30 14:21:38


یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە ئەقڵییەکان لە هەرێمی کوردستان - عێراق
بەشی چوارەم - ڕەچەتەی پزیشکان و سەرفکردنی ماددەی هۆشبەر و کاتێکەری ئەقڵی لەلایەن دەرمانسازانەوە

ماددەی ١٦:
١- جگە لە مەبەستی چارەسەرکردنی پزیشکی و تەنها بەپێی ئەو ڕێنمایی و ڕێوشوێنانەی وەزارەت لەم بارەیەوە دەریاندەکات، پزیشک بۆی نیە ماددەی هۆشبەر یان کارتێکەری ئەقڵی بۆ هیچ نەخۆشێک بنوسێت.
٢- پزیشک نابێت هیچ بڕێک لە ماددەی هۆشبەر یان کارتێکەری ئەقڵی بۆ مەبەستی بەکارهێنانی تایبەت بۆ خۆی بنوسێت.

ماددەی ١٧:
١- دەرمانساز بۆی نیە ماددەی هۆشبەر یان کارتێکەی ئەقڵی سەرفبکات، تەنها بەپێی ڕەچەتەیەکی ئوسوڵی نوسراو لەلایەن پزیشکێکەوە یان بەپێی پسووڵەی بەخشراو لەلایەن وەزارەتەوە نەبێت، کە تێیدا ماددە هۆشبەر و کاتێکەرە ئەقڵیەکان و بڕەکانیان دیاریدەکات، و پێویستە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان پسووڵە و ڕەچەتەکان بە یەک شێوە ڕێکبخەن لە نەخۆشخانە و نۆڕینگەکانی حکومی و ئەهلی.
٢- وەزیر بەیانێک دەردەکات بەو مەرج و زانیارییانەی پێویستن بۆ بەدەستهێنانی پسووڵەی مۆڵەتی دەقنووسکراو لە بڕگەی یەکەمی ئەم ماددەیەدا، لەگەڵ ئەو لایەنە کارگێڕییەی تایبەتمەند دەبێت بەپێدانی پسووڵەی مۆڵەتەکە، و ئەو بڕە دیاریکراوەی ماددەکە کە نابێت لەوە زیاتر بۆ خاوەنی پسووڵەکە سەرفبکرێت.
٣- پسووڵەی مۆڵەت تەنها بەم کەسانەی خوارەوە دەدرێت:
- پزیشک
- ئەو پزیشکانەی نەخۆشخانە و سەنتەرە تەندروستییەکان بەهۆی نەبوونی دەرمانساز تیایاندا، دەستنیشانیان دەکەن.

ماددەی ١٨:
وەزیر ڕێنمایی دەردەکات، تێیدا دەستنیشانی ئەو زانیاری و مەرجانە دەکات، کە دەبێت لە ڕەچەتە پزیشکیەکان و پسووڵەکانی مۆڵەتدا دەستەبەربن، بەپێی ئەو ڕەچەتە و پسووڵانەش وەسفی ماددەی هۆشبەر یان کارتێکەرە ئەقڵییەکان لە دەرمانخانەکاندا بۆ سەرفکردن دەکرێت، و دەستنیشانی ماددەکە و ئەو بڕەش دەکرێت کە نابێت مانگانە لەوە زیاتر بۆ نەخۆش سەرفبکرێت.

ماددەی ١٩:
بە بەیانێک کە وەزیر دەریدەکات چۆنیەتی ئاڵوگۆڕپێکردنی ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە ئەقڵییەکان لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان و ئەو یەکانەی سەر بەوانن، لە کەرتی گشتی و تێکەڵاو و تایبەت، یان سەر بە ڕێکخراوێکی ناحکومین و خزمەتگوزاری و چاودێری تەندروستی پێشکەشی نەخۆش دەکەن، دیاریدەکرێت.

ئامادەکردنی: پلاتفۆڕمی پارێزەر



بڵاوکراوەتەوە لە لایەن :
پڕۆژەی پارێزەر


بڵاوکراوەکان