شایەتیدان لە پوختترین پێناسەیدا واتە هەواڵدان لەسەر بابەتێک بۆ بەرژەوەندی لایەنێک.
شایەتیدان یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاکانی سەلماندن و لە بەردەم دادگاکاندا زۆرترین داوای پێیەکلایی دەکرێتەوە.
یاسای سەلماندنی عێراقی ژمارە (107) ی ساڵی 1979 هەندێک شێوازی و ئەتەکێتی پێشکەشکردنی شایەتیدانی ڕوونکردۆتەوە ، ئەمەش بۆ دابینکردنی کەشێکی یاسایی و پاراستنی هەیبەتی دادگـــایە.
دوای ئەوەی لە ڕۆژی دیاریکراوی دادبینی شایەتحاڵ لە دادگـــا ئامادە دەبێت ، بە پێی هەندێک ڕێکاری یاسایی ووتەکانی لێوەردەگیرێت ، کە بە کورتی ئەمانەن:-
یەکەم / شایەتحاڵ بە تەنها دەچێتە بەردەم دادوەرو هیچ کەسێکی لەگەڵدا نابێت. واتە شایەتیی بە تاک تاک وەردەگیرێت ئەگەر هاتوو چەند شایەتحاڵێک ئامادەبوون (مادە 94/سێهەم/ ی.سەلماندن).
دووەم/ دادوەر هەندێک پرسیار ئاڕاستەی شایەتحاڵ دەکات وەکو ناو و تەمەن و ئیش و شوێنی نیشتەجێبوون و پەیوەندی بە لایەنەکانی داواوە دەپرسێت. تاکو بزانرێت ئەو کەسانە کێن، وە هەروەها ئەو کەسانەن کە داواکار ناوی هێناون بۆ شایەتیدان یاخود نا ئەمەش کاتێک دەبێت ئەگەر هاتوو داواکار شایەتحاڵەکانی"حصر" قەتیس کردبوو( مادە 94/یەکەم/ی.سەلماندن ).
سێیەم/ دادوەر بە ئامادەیی هەردوو لایەنی داوا گوێ لە ووتەی شایەتحاڵ دەگرێت ئەگەر هاتوو دادبینی بە ئاشکرا بوو ، وە ئەگەر هاتوو دادبینی نامادەیی بوو ئەوا بە ئامادەیی لایەنەێک گوێ لە ووتەی شایەتحاڵ دەگیرێت. بە واتای ئەوەی دادوەر لە غیابی لایەنەکاندا گوێ لە شایەتحاڵ ناگرێت.
چوارەم/ شایەتحاڵ پێش ئەوەی دەستبکات بە ووتەدان دەبێت سوێند بخوات بەوەی حەق دەڵێت. ئەگەر هاتوو ئامادە نەبوو سوێند بخوات ئەوە بە بڕێک پارە غەرامە دەکرێت ( مادە 94/دووەم/ی.سەلماندن) ئەگەر هاتوو شایەتحاڵ تەمەنی یاسایی تەواو نەکردبوو ئەوا سوێند نادرێت بەڵکوو ووتەکانی وەکوو " إستدلال" وەردەگرێت. وە شایەتحاڵ سوێند دەخوات بە خوای گەورەو دەست لەسەر ئەو کتێبە دادەنێت کە بەلایەوە پیرۆزە "موسڵمان بە قورئانی پیرۆز ، مەسیحی بە ئینجیل ، یەهودی بە تەورات... هتد". شێوەی سوێندەکەش بەم جۆرە دەبێت ( سوێند بە خوای گەورە حەق دەڵێم ، جگە لە حەق هیچی تر ناڵێم ).
پێنجەم/ شایەتحاڵ لەسەر بنەمای یادگـــە " زاکیرە" بە شێوەیەکی زارەکی ووتەکانی پێشکەشدەکات تەنها لەو کاتەدا دەتوانێت پشت بە دەفتەرنامە ببەستێت کە شایەتییەکە پەیوەندی بە ژمارە و مێژووییەکی دیاریکراوەوە هەبوو ئەمەش دوای ئەوەی کە مۆڵەت لە دادگا وەردەگیرێت ( مادە 95/یەکەم/ی.سەلماندن).
شەشەم / شایەتحاڵ بەسەر یەکەوە ووتەکانی پێشکەشدەکات نابێت قسەی پێ ببڕدرێت لە لایەن لایەنەکانی داواوە ( مادە 96/دووەم/ی.سەلماندن). دوای ئەوەی شایەتحاڵ ووتەکانی پێشکەشکرد دادگا بۆی هەیە پرسیار ئاڕاستەی شایەتحاڵ بکات بۆ گەشتن بە حەقیقەت، هەروەها لایەنەکانی داواش مافی ئاڕاستەکردنی پرسیاریان هەیە لە ڕێگەی دادگـــاوە ( مادە 96/چوارەم-پێنجەم/ی. سەلماندن).
حەوتەم / دادوەر دەتوانێت مناقەشەی شایەتحاڵ بکات سەبارەت بە ووردەکاری بابەتەکە. وە ئەگەر هاتوو دادگـــا پێکهاتبوو لە دەستەیەک ئەوا دەبێت لە ڕێگەی سەرۆکی دادگـــاوە پرسیار و مناقەشەی شایەتحاڵ بکرێت، وە ڕێگە بە پرسیارگەلێک نادرێت کە بێبەرهەم بێت و پەیوەندی بە داواکەوە نەبێت.
هەشتەم/ دەکرێت گوێ لە شایەتی شایەتحاڵی ( کەڕ و ڵاڵ و کوێر) بگیرێت بە ئاماژەیەک کە بتوانن دادگا تێبگەیەنن.وە ئەگەر هاتوو ئەوانە توانیان بنوسن ئەوا دەکرێت لە ڕێگەی نوسینەوە شایەتی پێشکەش بکەن چونکە نوسین ڕونترە بە بەراورد بە ئاماژە ( مادە 95/دووەم/ی.سەلماندن).
ئامادەکردنی: پارێزەر گۆران صالح عبدالقادر
بڵاوکراوەتەوە لە لایەن :
پڕۆژەی پارێزەر