ئەم بەڵگەنامەیە لەکاتێکی دیاری کراودا و بۆ کارێکی تایبەت دەکرێت ، بۆیە ڕێکارەکان لە جۆری داواکاریەکەوە بۆ جۆرێکی تر دەگۆڕيت و ئەم بەڵگەنامەیە دادگای باری کەسێتی دەری دەکات و گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری یاسایی، بۆ نمونە ئەگەر ژنێک لە مێردەکەی جیابوبێتەوە و تەڵاق درابێت و بە بڕیاری دادگا ئەو تەڵاقەی پشتڕاست کردبێتەوە ، وە منداڵێکیان هەبێت بۆ نمونە تەمەنی ( ٨ ) ساڵ بێت و دایکی بیەوێت پاسپۆرتی بۆ دەربکات بەڵام باوکی ڕەزامەند نەبێت کە لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت ئامادەبێت بۆ دەرکردنی ئەو پاسپۆرتە ، لێرەدا دایکەکە تەنها ڕێگەیەک کەلەبەردەمیدا هەبێت ئەوەیە کە سەردانی دادگای باری کەسێتی بکات و داوای دەرکردنی بەڵگەنامەی پێسپاردنی کاتی ( حجة وصایة المؤقتة ) بکات و خۆی بکات بە پێسپێردراوی کاتی ( وصي )، تەنها بۆ مەبەستی دەرکردنی پاسپۆرتەکە.
ئەم جۆرە بەڵگەنامەیە پێویستی بەم پێداویستیانە هەیە :
١. داواکارییەک بنوسێت و پێشکەشی دادگای بکات.
٢. وێنەی ڕەسەن یان مصدق لە بڕیاری تەڵاقەکە یان جیابوونەوەکە کە لە دادگا دەرچووە.
٣. بەڵگەنامەی لەئامێزگرتن ( حجة الحظانة ).
٤. ناسنامەی ناکام یاخود منداڵەکە.
٥. دوو شایەت.
ئامادەکردنی: پارێزەر شهرام محمد
بڵاوکراوەتەوە لە لایەن :
پڕۆژەی پارێزەر