لە چ کاتێک ژن مافی بژێوی لە دەست دەدات؟

2022-12-09 00:00:31


1_بە مردنی یەکێک لە هاوسەرەکان :

ئەگەر مێرد پێش پێدانی بژێوی گیانی لەدەستدا، ئەوا بۆ ژنەکە نیە لە سامانی مێردەکەی وەک بژێوی ببات و ئەگەر ژنەکە گیانی لەدەستدا ئەوا بۆ میراتگرەکانی نیە داوای بژێوی ژنەکە بکەن.

 

2_هاوسەرگیری به گرێبەستی پوچەڵ.

 

3_ژنی منداڵ:

ئەگەر ژنەکە بچوک و منداڵ بوو کە نەدەتوانرا سودی لێببینرێت، لێرەدا ئەو ژنە بژێوی نیە لە مەزهەبی ئیمامی حەنەفیدا چونکە بژێوی پەیوەستە بۆ خۆ قەتیسکردن، بەڵام ئەگەر ژنەکە مناڵ بوو دەتوانرا سوودی لێببینرێت لە خزمەتکردن و هاودەمیکردن بەڵام توانای جووتبوونی نەبوو ئەوا لای زۆرینەی حەنەفییەکان بژێوی نیە.

 

4_ژنی نەخۆش 

زانایان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەگەر ژن پێش گواستنەوە نەخۆش کەوت و نەیدەتوانی بچێت بۆ ماڵی مێرد ئەوا بژێوی ناکەوێت.

 

5_یاخیبونی ژن (نشوز)

مەبەست لە یاخیبوون سەرپێچی کردنی ژنە لەو مافانەی مێرد کەلەسەریەتی و گرێبەستی هاوسەری پێویست کردووە بۆ مێردەکە، بۆیە ژن بەیاخیبوونی بژێوی نامێنێت.

 

6_کارکردنی ژن :

ئەگەر ژنەکە لە دەرەوەی ماڵی هاوسەرگیری کاری دەکرد و ئەو کارکردنەش چەند کاتژمێرێکی دەویست و مێرد پێی ڕازی نەدەبوو و ژنەکە گوێڕایەڵ نەبوو ئەوا بژێوی لەدەستدەدات چونکە کاردەکاتە سەر مافەکانی مێردەکەی.

 

7_ژنی ڕفێندراو

ئەگەر ژنێک بە زۆر ڕفێندرا ئەوا لە ماوەی ڕفاندنیدا بژێوی لەدەستدەدات.

 

8_ ژنی هەڵگەڕاوە :

ئەگەر ژنێک لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام هەڵگەڕاوە ئەوا بژێوی مێردەکەی لەدەستدەدات.

 

سەرچاوە 

شرۆڤەی یاسای باری کەسیەتی عێراقی 

دادوەر کەمال ڕەزا ئەحمەد



بڵاوکراوەتەوە لە لایەن :
پڕۆژەی پارێزەر


بڵاوکراوەکان