سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین زەواج گرێبەستە بەڵام احکام و شروط و ارکانی جیاوازە لە گرێبەستەکانی تر چونکە گرێبەستی ئاسایی بەبێ بوونی شاهید دروست دەبێت و بوونی شاهید کاریگەری لەسەر دروستی ناکات ئەمە لە ڕووی یاسایی و تەنها ایجاب و قبول و کتابە بوونی هەبێت تەواوە، بەڵام خوای گەورە بوونی شاهیدی پێویست کردووە بۆ هەموو گرێبەست و معاملات و دەفەرموێت
( وَأَشْهِدُوا إِذَا تَبَايَعْتُمْ) و ( وَاسْتَشْهِدُوا شَهِيدَيْنِ مِنْ رِجَالِكُمْ) واتە لە مامەڵەی ئاسایشدا بوونی شاهید گرنگە.
بەڵام لە گرێبەستی هاوسەرگیری دا جگە لە ایجاب و قبول و نوسین و تۆمارکردنی گرێبەستەکە بە عورفی یان یاسایی مەسەلەی شاهید بابەتێکی گرنگ و جیاوازە چونکە شاهید گەر لە گرێبەستی تردا بۆ سەلماندن و إثبات بێت لە زەواج بەم جۆرەیە گرنگیەکەی:
١. مەرجێکە بۆ دروست بوونی زەواجەکە و بەجۆرێک بەبێ بوونی ئەم مەرجە کە دووشاهیدی بالغی عاقڵ داوا دەکات لە کاتی مارەکردن زەواجەکە دروست نابێت.
٢. دەرخستنی گرنگی و خطورەتی بەرپرسیاریەتی زەواجە لەلایەک و لەلایەکی تر دەرخەری پیرۆزی پرۆسەکەیە.
٣. وەسیلەیەکی گرنگە بۆ “ إشهار و اعلان “بوونی زەواجەکە و زانینی خەڵکان بە لەبەیەکگەیشتنی شەرعی کچ و کوڕێک و دیاربوونی ڕووی خێزانی و نسبی منداڵانی ئەو ژن و پیاوە لە داهاتودا.
٤. بۆ سەلماندنی زەواجەکە لە حاڵەتی انکاری لایەنەکەدا بەشێکی ترە لە گرنگی شاهید کە هەردوو شاهیدی ناو مارەبڕین و ڕێوڕەسمی کۆمەڵایەتی و شەکراوخواردنەوە و دەست ماچکردن دەتوانن گرێبەستەکە بسەلمێنن لە دادگای باری کەسێتی و لە داوای سەلماندنی هاوسەرگیریدا.
٥. جیاوازی کردنە لەنێوان حەڵاڵ و حەرام چونکە فەرمان بە ئاشکرایی حەڵاڵ و پەنهانی و ستر کردنی حەرام کراوە.
🔹بەڵگەمان چییە بۆ قسەکانمان ؟
لەڕووی شەرعی یەوە:
سەرتان نایەشێنم بە ڕاجیایی و وردەکاری مذاهبەکان ڕای ڕاجع و پێوەرگیراو لە یاسادا بۆمان گرنگە هەروەک پێغەمبەرمان محمد (د.خ) دەفەرموێت
“ لا نكاحَ إلَّا بوليٍّ وشاهدَيْ عَدلٍ وما كان مِن نكاحٍ
على غيرِ ذلك فهو باطلٌ “
کەواتە ئەم فەرموودەیە بوونی شاهید بەمەرج دەگرێت بۆ صحیحی و دروستی زەواجەکە بەجۆرێک بە بوونی ولی و دوو شاهیدی عدل نەبێت زەواجەکە بە باطل دادەنێت.
لە ڕووی یاسایی یەوە :
بەپێی یاسای باری کەسێتی ماددە “ 6 “ بەلەدەست دانی یەکێک لەو مەرجانەی لە ماددەکە باسی دەکات زەواج دروست نابێت و بەپێی بڕگەی د بوونی شاهیدی دوو شاهید کە ئەهلیەی قانونییان هەبێت بە مەرج وەرگیراوە.
▫️ کەواتە بەنەبوونی شاهید حوکمی گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجام دراو بس گرێبەستێکی باطل دادەنرێت و هیچ اثار و حقوق و واجباتێک لەسەر ژن و پیاوەکە دروست ناکات و موجبە بۆ فسخ و هەڵوەشاندنەوە.
ئامادەکردنی: پارێزەر شاڵاو ابوبکر علی
بڵاوکراوەتەوە لە لایەن :
پڕۆژەی پارێزەر