ئایا طلاق لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی دەکەوێت ؟

2022-08-10 06:40:59


پرسیارێکی هەستیار و زۆر گرنگ دەکرێت دەربارەی تەڵاق.. ئایا تەڵاق لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هۆکارەکانی پەیوەندیکردنی هاوچەرخ وەک تەڵاقدان لە ڕێگەی مۆبایلەوە بە دەنگ یان لە ڕێگەی واتسئەپ و مەسنجەر و ڤایبەر...هتد ئینجا چ بە دەنگ بێت یان بە دەنگ و ڕەنگ بێت، ئایا ئەو تەڵاقە دەکەوێت یان نا ؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئەبێت بچینەوە خزمەت قورئانی پیرۆز و فەرمودەکانی پێغەمبەرمان (محمد) علیە السلام... ئەم دووسەرچاوەی ئیسلام بێدەنگیان هەڵبژاردووە و باسیان لێوە نەکردووە... و کاتێک دەگەڕێینەوە سەردەمی هاوەڵانی پێغەمبەرمان (د.خ) لەسەر بێت، ئەم بابەتەش لای ئەوان ئامادەیی نەبووە تا قسەی لەسەر بکەن هەتا لە دوای شوێنکەوتوان و شوێنکەوتووانی شوێنکەوتوانیشدا باسی لێوە نەکراوە (تابع و تابعین).

بۆیە ئەم بابەتە پێوویستی بە اجتهادێکی وورد و درووست هەیە کە لەگەڵ پایە جێگیرەکانی ئیسلامدا ناکۆک نەوەستێتەوە.

ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بۆ چوونی هەندێک لە زانایانی ئاینی ئیسلامی پیرۆز کە لەم سەردەمەدا دەژین بۆچوونیان جیاوازە، هەندێک بۆچوونیان وایە تەڵاقەکە لە ڕێگەی ئەم پەیوەندییە هاوچەرخانەوە دەکەوێت.. هەندێکی تریان ئەڵێن ناکەوێت، لەوە گرنگتر ئەوەیە هەندێک لە یاساکانی ئەو دەوڵەتانەی کە شەرعی خودا جێبەجێدەکەن لە ڕووی تەڵاقەوە پێیان وایە ناکەوێت بۆ نموونە امارات.

هەتا ئەم بابەتە لە  دادگاکانی هەرێمی کوردستان  لە سەرەتایی درووستبوونی ئەم جۆرە تەڵاقە پێیان وابوو ناکەوێت مادام لە ڕێگەی پەیوەندی هاوچەرخەوە بووە، بەڵام ئێستا بۆچوونەکە گۆڕاوە و دەڵێن دەکەوێت.

ڕای درووست بە بۆ چوونی من ئەوەیە دەکەوێت بۆچی چونکە خودای گەورە جل جلالە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت... 

﴿ الطَّلَاقُ مَرَّتَانِفَإِمْسَاكٌ بِمَعْرُوفٍ أَوْ تَسْرِيحٌ بِإِحْسَانٍ وَلَا يَحِلُّ لَكُمْ أَنْ

 تَأْخُذُوا مِمَّا آتَيْتُمُوهُنَّ شَيْئًا إِلَّا أَنْ يَخَافَا أَلَّا يُقِيمَا حُدُودَ اللَّهِ فَإِنْ

 خِفْتُمْ أَلَّا يُقِيمَا حُدُودَاللَّهِ فَلَا جُنَاحَ عَلَيْهِمَا فِيمَا افْتَدَتْ بِهِ تِلْكَ حُدُودُ

 اللَّهِ فَلَا تَعْتَدُوهَا وَمَنْ يَتَعَدَّ حُدُودَ اللَّهِ فَأُولَئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ ﴾.

♦ السورة ورقم الآية: سورة البقرة (229).

 

لەم سورەتە جوانەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە خودای گەورە جل جلالە هۆکارەکانی خستنی تەڵاقی قەتیس نەکردووە و نەیفەرمووە ئیلا ئەبێت بەو ڕێگەیە پیاو هاوسەرەکەی تەڵاق بدات ئەمە لە لایەک لە لایەکی کە ئەسڵ لە کرداردا ڕێپێدراوە مەگەر دەقێک بێت و حەرامی بکات کەواتە تەڵاق لە ڕێگەی تۆڕەکانی پەیوەندیکردنی سەردەمیانە دەکەوێت چونکە دەقێک نیە لە قورئانی پیرۆز یان فەرموودەکانی سەروەرمان ڕێگری کردبێت لەوەی تەڵاق ناکەوێت لە ڕێگەی هۆکارەکانی پەیوەندیکردنی سەردەمیانە، هەتا دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستانیش لە ئێستادا بۆچوونیان وایە کە ئەو جۆرە تەڵاقانە بەو ڕێگایانە دەکەوێت و مەرجە خستنی تەڵاق دوو مەرجی تیابێت، یەکەم دەستەواژەکەی تنجیز بێت... و دەستەواژەی تەڵاقەکە بسەلمێنێت.

 

ئامادەکردنی:  دادوەری بەرێز  /  کامران رسول  سعید



بڵاوکراوەتەوە لە لایەن :
پڕۆژەی پارێزەر


بڵاوکراوەکان